2018-02-28   816     
هۆبەی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی کۆمەڵگای دەروازەی نێودەولەتی باشماخ
هەرچەندە لە ساڵی 2017 دا بە هۆی كێشەی سیاسیەوە بۆ ماوەیەك کۆمەڵگاى باشماخ داخرا، بەڵام بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو داهاتی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ زیادی كردوە، بەرپرسانی مەرزەكەش ڕایدەگەیەنن،گەیشتونەتە ڕێكەوتنی كۆتایی لەگەڵ بەغداو لە داهاتوودا ڕوبەڕوی ئەو كێشانەی ئێستا نابنەوە.ئەگەرچی مەرزی باشماخ لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەڕەسمی ناسێنراوە، بەڵام لەدوای ڕوداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەرەوە، بە بڕیارێك سەرجەم مەرزەكانی كوردستان بەڕوی هاوردەو ناردنی كاڵاو شمەكدا داخران، بەڵام دواتر مەرزی باشماخ بەجیا لەگەڵ مەرزەكانی تر كرانەوەو ئەمەش كاریگەری هەبوە بۆ زیادبونی داهاتی مەرزەكە بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوو.مەرزی باشماخ لەنەوەدەكانی سەدەی ڕابردوو دروست كراوە، بەڵام لە 30/9/2009 بە فەرمانی وەزارەتی داراییو ئابوری حكومەتی هەرێم بە فەرمانی ژمارە( 32216) بڕیار درا بكرێت بە مەرزێكی نێودەوڵەتیو حكومەتی عێراقیش وەك مەرزێك دانی پیاداناوە، گومرگی باشماخیش كە سەرچاوەی داهاتەكانە بەشێكە لەو كۆمەڵگەیە كە پێكهاتوە لە (17) فەرمانگەو بەڕێوبەرێتی جیاجیا وەك ( گومرگ، پۆلیس، ئاگركوژێنەوە، هاتوچۆ، بنكەی كۆنترۆڵی جۆری، نشینگەو مانەوە، كەرنتینەكانی كشتوكاڵیو ڤێتێرنەریو چەند فەرمانگەیەكی تر.لەو بارەیەوە ئەزوەر مەحمود سەرپەرشتیاری مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ پێی ڕاگەیاندین: داهاتی ساڵی 2017 بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو لەسەدا 40 زیادی كردوە، كە داهاتەكان بریتین لە هاتنو رۆیشتنی گەشتیارو هاتنی بارهەڵگرو هاوردە كردنی خواردەمەنیو بەروبومی كشتوكاڵیو ئاژەڵی.رونیشی كردەوە: داهاتی ساڵی 2017 لە كۆمەڵگەكەدا (237.668.082.600) دینار بوە كە ئەمە بە بەراورد بە ساڵی 2016 لەسەدا چل زیادی كردوە كە (169..19.606.750) دینار بوەو داهاتی گومرگو نشینەگە شادەماری داهاتی مەرزەكەن." مەرزەكەی ئێمە بۆ ماوەیەك داخرا، بەڵام داهاتمان زیادی كردوەو چەندین كاڵاش كەمتر هاوردە ئەكرێت، هۆكارەكەشی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە مەرزەكانی پەروێزخانو حاجی ئۆمەرانو سەیران بەنو كێلێ داخراونو زۆرینەی كاڵاكان لێرەوە دەهێنرێنەوە ناو كوردستان" ئەمە وتەی شاخەوان ئەبوبەكر بەڕێوبەری گومرگی باشماخ بوو سەبارەت بە زیادبونی داهات.وتیشی: بۆ زیادكردنی داهات پێویست ناكات كە رسوماتو باجی گومرگی لەسەر كاڵاكان زیادبكەین جگە لە ماددە زیانبەخشەكانی وەك جگەرەو خواردنەوە كحولیەكان، بەڵكو پێویستمان بەوەیە كە یاسای گومرگی پێشبخرێتو هەموار بكرێتەوە تا كاڵاو شمەكی زیاتر بهێنرێتە ناو كوردستان.مەریوان كەریم بەرپرسی ڕاگەیاندنو پەیوەندیەكانی مەرزی باشماخ ڕایگەیاند: ئێستا پەیوەندیەكانمان لەگەڵ ئێران لە ئاستێكی زۆرباشدایەو لەگەڵ عێراقیش گەیشتوینەتە لێكگەیشتنی تەواو بۆیە چاوەڕوان ناكەین لە داهاتوودا روبەروی ئەو كێشانە ببینەوە كە لە ڕابردودا دوچاری بوین.بەرپرسانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ئاماژە بەوە دەكەن كە لەكاتی ڕێكەوتنی كۆتایی لەگەڵ بەغدا، داهاتی مەرزەكە زۆر زیاتر دەبێتو كاری مەرزەكەش پێش دەخرێت بەڵام جیاوازی ئەوەیە كە كۆی داهاتەكە دەگەڕێتەوە گەنجینەی حكومەتی ناوەندیو راستەوخۆ هەرێم لێی سودمەند نابێت، ئەگەرچی مەرزەكە بە هاوبەشی لەگەڵ بەغدا بەڕێوە دەبرێت.
ئامادەکردنى ڕاپۆرت: هێمن حەمەتاڵ