| |
هەواڵ
سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى باشماخ دووپاتى کردەوە کە پێویستە سەرجەم کارمەندانى گرێبەستى کۆمەڵگاکە بەهۆى لێهاتوویانەوە بکرێنە هەمیشەیى...
  2018-07-02       796       
هۆبەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ

 بەروارى ١-٧-٢٠١٨ (ئەزوەر محمود ساڵح) سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ لەگەڵ لێپرسراوى بنکە و فەرمانگەکانى کۆمەڵگاى باشماخ کۆبووە  بەمەبەستى هەوڵدان بۆ پێشخستن و باشترکردنى ئیشوکارەکانى سەرجەم بنکە و فەرمانگەکانى مەرزى باشماخ.

سەرەتاى کۆبوونەوەکە لەلایەن سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى باشماخەوە بەخێرهاتنى ئامادەبوانى کراو  پاشان گوێبیستى سەرجەم پێشنیار و داواکارییەکانى ئامادەبووان بوو، دواتر بەخێرهاتنى لێپرسراوە نوێیەکانى کردوو هیواى سەرکەوتنى لە پۆستە نوێیەکەیاندا بۆخواستن.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژە بەوەکرا کە پێویستە سەرجەم کارەکان بە هەماهەنگى لەنێوان سەرجەم بەشەکاندا ئەنجامبدرێت و بوونى تەنسیق و هاوکاری لەنێوان فەرمانگەکانى کۆمەڵگادا شا دەمارى گەشە و پێشکەوتنى زیاترى ئەم خاڵە سنورییە نێودەوڵەتیەیە.

ئەوەش دووپات کرایەوە کە ئامانج لەم کۆبوونەوانە بۆ بەرەوپێشبردن و باشتر خزمەتکردنى گەشتیاران و بازرگانان و شۆفێران و کرێکاران و هاووڵاتیانە بەشێوەیەکى زۆر باش و گونجاو لە لایەن سەرجەم فەرمانگەکانى کۆمەڵگاى باشماخەوە بەبێ جیاوازى .

هاوکات سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى باشماخ باسى لەگرنگى  ڕۆڵ و ئەرکى  کارمەندانى گرێبەست کرد کە لە ئێستادا لە هەندێک لە فەرمانگەکانى کۆمەڵگاى باشماخدا کاردەکەن. سەرەڕاى کارامەیى و چالاکی و دڵسۆزیان لەکارەکانیاندا و لەهەمانکاتدا زۆرینەیان ماوەى یاسایى و زیاتر لەسێ ساڵیان تەواو کردووە،  بەم شێوەیەش بێت بەو هۆیەوە بەهەموو پێوەرێک شایستەن و پێویستە هەوڵ بدرێت سەرجەمیان بکرێنە کارمەندى هەمیشەیی.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە خرایە ڕوو کە پێویستە هەوڵبدرێت سەرجەم کێشە و کەمووکورتیەکان چارەسەربکرێن و بەشێوەیەکى دروست و گونجاو ڕۆتین لە کۆمەڵگاکەدا کەم بکرێتەوە و نەهێڵرێت. هاوکات پێویستە سەرجەم بنکە سەربازییەکان پابەندى قیافە و دیسپلینى سەربازى بن و کەم تەرخەمى نەکەن لە ئەرکەکانینا و لەهەمانکاتدا پێویستە ڕێگرى بکرێت لە دیاردەى قاچاخ و هەوڵى نەهێشتنى ئەم دیاردانە بکرێت.

سەبارەت بە ئیشوکارەکانى کۆمپانیایى ڕەزگە کە لەئێستادا سەرجەم ئیشوکارەکانى پشکنینى کۆمەڵگاى باشماخ لەڕێى ئەم کۆمپانیایەوە ئەنجامدەدرێت، (شاخەوان أبوبکر) ئەوەى خستەڕوو کە پێویستە کۆمپانیاى ڕەزگە پەیوەست بکرێت و ببەسترێتەوە بە داتابەیسى گومگرى کۆمەڵگاى باشماخەوە و داهاتاکانى لەبانکى باشماخ دابنرێت.

لەکۆتایدا بەڕێز سەرپەرشتیارى مەرزى باشماخ سوپاسى سەرجەم ئامادەبوونى کردوو هیواى سەرکەوتنى بۆ هەمووان خواست.