| |
لەناوبراو
زیاتر لە (بیست) تەن شوتى ئێرانى لەپاش دەرنەچوونى لە پشکنێن لەناودەبرێت ...
  2018-10-15       298       
هۆبەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ

لەدرێژەى کاروچالاکى و ڕێگریکردن و بەمەبەستى پاراستنى تەندروستى هاونیشتمانیانى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى نێوان سەرجەم فەرمانگەکانى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ بەبەردەوامى و بەبێ ووچان ڕێگرى لەهاوردەکردنى کەرەستە و کاڵا و خواردنى نەشیاو قاچاخ و ناتەندروست دەکرێت.

(بنکەى کەرەنتینەى کشتوکاڵى باشماخ) وەک فەرمانگەیەکى چالاک و گرنگى نێو کۆمەڵگا  بەبێ ماندووبوون و بە بەردەوامى لە هەوڵى کۆنتڕۆڵکردنى سەرجەم ئەو کەرەستە و خۆراک و کاڵایانەدان کە لەم دەروازە سنوریە گرنگەوە هاوردە دەکرێن، ئەم بنکە گرنگە وەک پیشەى هەمیشەییان و لە سۆنگەى هەستکردن بە بەرپرسیارێتى، ئەرکى سەرشانى خۆیان جێبەجێ کردووە، ئەوەى  پێویستە ئاماژەى پێبدرێت ئەوەیە کە لەئێستادا بڕێکى زۆر (شوتى خراپ) بوو کە شیاو نیە بۆ بەکارهێنان هەوڵدەدرێت لەڕێگەى باشماخەوە هاوردەبکرێت، بەڵام وەک ئاماژەمان پێدا لەلایەن(بنکەى کەرەنتینەى کشتوکاڵى باشماخ)ەوە توانراوە تاڕادەیکەى زۆر ڕێگرى لەم هەوڵە بکرێت و ڕێگرى لە هاوردەکردنى ئەو شوتیە خراپانە بکرێت.

هاوکات بەروارى ١٥-١٠-٢٠١٨ لەپاش ئەوەى لەلایەن کارمەندانى کەرەنتینەی کشتوکاڵی باشماخەوە پشکنین بۆ دوو بار شوتى ئێرانى کرا کە بڕەکەى بریتىبوو لە (٢٠٦٦٠) بیست تەن و شەشسەد و شەست کیلۆگرام، دەرکەوت شوتیەکە خراپ بووە و شیاو نیە بۆ بەکارهێنان،لە کۆتایدا توانرا لە لایەن لیژنەیەک کەپێکهێنرابوو لە نوێنەرى چەند فەرمانگەیەکى پەیوەندى دار، کارى لەناوبردن بۆ ئەو بڕە شوتیە بکرێت و لەلایەن تیمى خزمەتگوزارى بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخەوە لەناوبرا.

دەستخۆشى بۆ کارمەندانى (کەرەنتینەى کشتوکاڵى باشماخ)و سەرجەم فەرمانگە جیاجیاکانى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ.