| |
هەواڵ
ڕونکردنەوەیەکى گرنگ لە بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخەوە ...
  2018-10-16       4294       
هۆبەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ

  دوابەدواى گردبوونەوە و مانگرتنى هەندێک لە شۆفێرى بارهەڵگرەکانى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ بەمەبەستى خستنەڕووى چەند داواکارییەک و لەهەمان کاتدا پێشکەشکردنى یاداشتێک بە بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ.

هاوکات بە مەبەستى هەوڵدان بۆ چارەسەرکردن و بەدواداچوون بۆ سەرجەم گرفتەکانى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى  باشماخ ،

ئەمڕۆ بەروارى ١٦-١٠-٢٠١٨ بەسەرپەرشتى بەڕێز (ئەزوەر محمود صاڵح) سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ و بە ئامادەبوونى سەرجەم بەڕێوەبەر و لێپرسراوى فەرمانگە و بنکەکانى کۆمەڵگاى باشماخ و نوێنەرى سەندیکاى سلێمانى و سەرۆکى سەندیکاى باشماخ و بەڕێوەبەرى گواستنەوەى سلێمانى کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا،

هەرلەوکۆبوونەوەیەشدا تیشک خرایەسەر ئەم خاڵانەى لاى خوارەوە:

١- داوا لەسەرجەم فەرمانگەکان کرا کە هاوکاربن بۆ بەرەو پێشچوونى بوارى ئابوورى و بازرگانى لە دەروازەى نێودەوڵەتى  باشماخدا و کار ئاسانى بکرێت بۆ هاوردەکردنى کاڵا بازرگانییەکان بەمەرجێک زیان بەتەندروستى هاونیشتمانین نەگەیەنێت.

٢- سەرجەم شۆفێرى بارهەڵگرەکانى باشماخ ئاگادار دەکەینەوە کە دەتوانن وەک پێشتر گوزەر بکەن بۆ ووڵاتى ئێران بەمەبەستى گواستنەوەى کاڵا بازرگانییەکان.

٣- سەبارەت بەداواکارى شۆفێران کە پەیوەستە بەچەند وەزارەتێکەوە، ئەویش بریتیە لە کەمکردنەوەى ئەو ڕسوماتەى کە لە شۆفێران وەردەگیرێت،بۆیە وەک ئیدارەى دەروازە داواکارى شۆفێران بەهەند وەردەگیرێت و هەوڵى جدى دەدەرێت بۆ چارەسەرکردنى گرفتەکان.

٤-  سەبارەت بەو کێشانەى کە لەدیوى ئێران دروست بووە، لەگەڵ بەرپرسانى کۆمارى ئیسلامى ئێران کۆبوونەوە کراوە و بەڵێنى چارەسەرى گونجاو دراوە لە بارەیەوە.

٥- پشتیوانى لە سەرجەم ئەرک و مافەکانى گشت شۆفێر و کرێکارانى دەروازەى باشماخ دەکەین.

٦- دەبێت کارمەندانى سەرجەم فەرمانگەکان بەشێوازێکى زۆر جوان پێشوازى لە گەشتیاران و بازرگانان و شۆفێران بکەن و کارەکانیان بە زووترین کات بۆ ئەنجام بدەن.

٧- لەکۆتایدا بەدواداچوون  بۆ سەرجەم خاڵ و بڕگە و داواکارى شۆفێران دەکەین و لایەنە پەیوەندى دارەکانى لێ ئاگادار دەکەینەوە بەمەبەستى چارەسەر کردنى سەرجەم کێشەکان.

  لە پاش کۆتایى هاتنى کۆبوونەوەکە لەلایەن هۆبەى ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانى بەڕێوەبەرایەتى کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخەوە کۆنگریەکى ڕۆژنامە نوسی بۆ دەزگاکانى ڕاگەیاندن ڕێکخرا ولەلایەن سەرپەرشتیارى کۆمەڵگاوە و بە  ئامادەبونى و سەرجەم ئەندامانى کۆبوونەوەکە ئەم خاڵانەى لاى سەرەوەى تێدا خرانەڕوو.