| |
باشماخ وەک ناوچەیەکى گرنگ لە سەر نەخشەى بازرگانى جیهانى
یادگار مەحمود
  2018-02-27     997     

لەگەڵ ناوهێنانى دەروازەى باشماخ ڕاستەوخۆ بیر و هزرمان بۆ بوارى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و گەشتیارى دەچێت، لەم ڕوانگەیەوە پێم باشە سەرەتا پێناسەیەکى بازرگانى بکەم بۆ زیاتر ڕوون کردنەوەى ئەم بابەتەو و بیکەمە دەستپێکێک بۆ ناوەڕۆکى نوسینەکەمان ئەویش بازرگانى بریتیە : لە گۆڕینەوەی شمەک یا ڕاژەیە لە بەرامبەر پارە یا شتی تردا جیاوازیی بازرگانی و دانوستان لەوەدایە کە لە بازرگانیدا قەوارەی شمەک یا ڕاژەکە گەورەیە و، زۆر جار ئەبێ لە شوێنێکەوە بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکى تر بۆ نموونە، لە شارێکەوە بۆ شارێکی تر یا تەنانەت لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر،ئابووری ھەر ناوچەیەک ئاکامی کۆمەڵێک پێواژۆیە و بەستراوەتەوە بە مێژوو، پەروەردە، گەشەی تەکنۆلۆژیکی، ڕێکخراویی کۆمەڵایەتی، پێکھاتەی سیاسی و، سیستەمی یاساییی ناوچەکەوە، جوگرافیا، سەرچاوە سروشتییەکان و، ژینگەناسیش لە ھۆکارگەلی سەرەکین. کۆی ئەم ھۆکارانە پێکھێنەری ئەو بەستێن ئەو ھەلومەرجەن کە ئابوور تێیدا کار ئەکا. کوردستان وەک ناوچەیەکى گرنگ و پڕبایەخ، لەڕووى هەڵکەوتەى جوگرافیەوە هەر لەدێر زەمانەوە ڕۆڵێکى گرنگ و پڕبایەخى هەبووە لەڕووى ئابوورى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و کاڵا و شمەک و هاتووچۆى گەشتیاریەوە، بەهۆى ئەوەى کەوتۆتە نێوان ووڵاتانى (عێراق و ئێران و سوریا و تورکیا) ئەمەش دەرفەتى پەیوەندى لەگەڵ ووڵاتانى ئاسیایى ناوەڕاست و  باشورى ئاسیا و ئەوروپا و ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بۆ ڕەخساوە و بووەتە پردێکى پەیوەندى گواستنەوە و گەیاندن لەنێوان ئەو ناوچانەى ڕۆڵى بەرچاوى خۆیان لە ڕاڕەوى ناوچەیى و نێودەوڵەتیەکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکور و باشورى گۆى زەویدا دەبینن، دەروازەى باشماخیش وەک خاڵێکى بازرگانى گرنگ و پێهاتەیەکى ئابوورى پڕبایەخ و هەڵکەوتەى جیۆپۆلۆتیک و جیۆئیکۆنۆمیکى لە نەخشەى بازرگانى جیهانى و کوردستان وەک ڕاڕەوێکى کورت و گونجا و لەنێوان ئەوناوچانەدا کە بەهێڵ و ڕێڕەوەى سەرەکى هاتووچۆ و بازرگانى دادەنرێت، ئەم خاڵە سنوریە گرنگە دەکەوێتە نێوان شارۆچکەى پێنجوێن لەهەرێمى کوردستانى عێراق و شارۆچکەى مەریوان لە کۆمارى ئیسلامى ئێران، چەندین فاکتەر واى کردووە ئەم دەروازە سنوریە بە ناوچەیەکى ڕاگوزەرى گرنگ دیارى بکرێت و گەشەى پێبدرێت ئەوانیش: ( کات – شوێن – مەودا – ئاسایش – خزمەتگوزارى – ڕێگاکانى هاتووچۆ .. هتد)، هەرچەندە ووڵاتان و بەتایبەتیش کۆمارى ئیسلامى ئێران بە بەردەوام لەهەوڵى زیادکردنى ئاڵوگۆڕى بازرگانین بۆ دەیان ملیار دۆلار لەڕێگەى ئەم دەروازەیەوە، بەڵام هێشتا هەوڵى زۆرماوە بۆ گەشەپێدان و پێشخستنى ئەم خاڵە سنوریە گرنگە و گەیاندنى بەئاستێکى بەرز و پێشخستنى زیاتر، دەروازەى باشماخ کە وەک خاڵێکى سنورى هەرێمى کوردستان کە لە ڕووى جوگرافیەوە لەنێوان چەندین ووڵاتى ئاسیا و جیهاندا هەڵکەوتووە، دەتوانێت لە ڕاڕەوى باکور و باشوردا کە ساڵى (٢٠٠٠) لەلایەن ووڵاتانى (ئێران و ڕوسیا و هندستان)ەوە بەمەبەستى هاوکارى گواستنەوە و گەیاندن دامەزرا و ووڵاتانى ئازربایجان و ئەرمینیا و کازاخستان و تاجیکستان و تورکیا و ئۆکرانیا و ڕوسایى سپى و عەمان و سوریا ئەندامى چاودێرن،ڕۆڵى خۆى لە گواستنەوەى کاڵا و گەشتیاردا ببینێت،هەروەها لە ڕاڕەوى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا کە هەمان ڕێگەى دێرینى (ئاوریشم)ە، کاڵاى ترانزێتى  چین و ئاسیاى ناوەڕاست بە کوردستاندا بگوازرێتەوە بۆ ئاسیاى ڕۆژئاوا و ووڵاتانى سەر دەریاى ناوەڕاست، لە بەرامبەریشدا کاڵاى ئەم وڵاتانە بە پێچەوانەوە بگوازرێتەوە،باشماخ تەنانەت دەتوانێت ڕۆڵ ببینێت لە ڕاڕەوەى (تراسیکا) کە ئازربایجان و ئێران و ئەرمینیا و کازاخستان و تاجیکستان و ئۆزبەکستان و بولغاریا و مۆلدیڤیا و ڕۆمانیا و تورکیا و ئۆکرانیا تێدا ئەندامن، لەبەر ئەو هۆکارانەى باسکران کۆمەڵگاى دەروازەى نێودەوڵەتى باشماخ بە یەکێک لە پێکهاتە گرنگەکانى هەرێمى کوردستان و ناوچەکە دادەنرێت.

وتاری زیاتر