| |
ئاڵا...!
اسماعیل على
  2018-12-17     299     

       گەر چاوێک بخشێنینەوە بەسەرچاوە مێژوویەکاندا بۆمان دەردەکەوێت ته‌مه‌نی دروست بوون ‌و هاتنه‌ کایه‌ی ئاڵا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ نزیک بە (چوار هه‌زار) ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر، بۆ یه‌که‌مجار ئاڵا له‌لایه‌ن ئیمپڕاتۆریه‌ته‌کانی سه‌ر خاکی ئێران ‌و میزۆپۆتامیا (کوردستانی ئه‌مڕۆ) هه‌ڵدراوه‌، سه‌ره‌تا سۆمه‌رییه‌کان‌ و ئاشورییه‌کان‌ و میدیاکان، هه‌روه‌ها هاخه‌مه‌نیشیه‌کان‌ و ساسانییه‌کان‌ و میسرییه‌ کۆنه‌کان و دواتریش شارنشینه‌ یۆنانییه‌کان ‌و قه‌یسه‌ره‌کانی ژاپۆن‌ و چین ئاڵایان هه‌ڵداوه‌. له‌ مێژووی میسری کۆندا هاتووه‌ که‌ ئه‌وان له‌ دارێکی درێژ که‌ په‌یکه‌رێکی ئاسنینی به‌سه‌ره‌وه‌ به‌سترابووه‌، وه‌ک هێما و ڕه‌مزی نه‌ته‌وه‌یی خۆیان که‌ڵکیان لێوه‌رگرتووه‌ و پێناسه‌یان کردووه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر باس له‌ مێژووی ئاڵا له‌په‌ڕۆ یان پارچه‌ بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بێ بڵێین که‌ چینیه‌کان و هیندییه‌کان له‌یه‌که‌مین خه‌ڵک بوون که‌ ئاڵایان له‌ په‌ڕۆ و پارچه‌ ساز کردووه‌. له‌ یه‌کێ له‌سه‌رچاوه‌ مێژووییه‌کاندا هاتووه‌ که‌ ( ١١٠٠-١٢٠٠) ساڵ پێش له‌دایک بوونی مه‌سیح، چینییه‌کان له‌ ئاڵای په‌ڕۆ و پارچه‌ که‌ڵکیان وه‌ر گرتووه‌. دواتر یۆنانییه‌کان و ڕۆمییه‌کان ئاڵای په‌ڕۆ و پارچه‌یان به‌کار بردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌کاتی ڕاگه‌یاندنی شه‌ڕ و ئاشتیدا وه‌ک هێمای سه‌رکه‌وتن به‌کاریان هێناوه.‌.نەتەوەی کوردیش وەک یەکێک لەنەتەوە دێرینەکانی ناوچەکە لەتەواوی سەردەمەکاندا خاوەن ئاڵای تایبەت بەخۆی بووە بەپێ ی سەردەمەکانیش جیاوازی لەجۆر و شێوەی ئاڵاکەیدا ھەبووە و گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە. نەتەوەیەک کە تا ئێستاش گەورەترین نەتەوەى بێ دەوڵەتە لە سەر ئاستى جیهان ، ھەمیشە وەک گەلێکى قوربانیدەر وشۆرشگێڕ و یاخی ھەوڵی سەلماندن و بونیەتی خۆی داوە ، ئەم ھەوڵ و تەقەللایەشی بەپێشڕەوی ھێمایەک دەست پێکردووە کەپێ ی دەڵێن ئاڵاى نەتەوەی کورد. ئاڵای کوردەکان ھەمیشە ھێمای شۆڕشە ڕزگاریخوازە یەك بەدوای یەكەكانی بووە، پێشتر و لەلایەن ھەریەکە لەمیرنشینە کوردیەکانەوە ئاڵای تایبەت بەخۆیان وەک ھێمایەک ھەبووە بەڵام سەرەتای دروستبوونی ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ وەک ئاڵای کوردستان و نەتەوەی کورد دەناسرێت دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیستەم. کاتێک کۆمەڵ و رێکخراوە کوردییەکان لە ئەستەنبوڵ خەریکی دامەزراندنی کۆمەڵ و دەرکردنی گۆڤار و رۆژنامەی کوردی بوون، لە هەمان کاتیشدا لە هەوڵی دروستکردنی ئاڵایەکی نەتەوەیی بوون بۆ کوردستان. ساڵی (١٩١٩) (کۆمەڵەیا رێکخستنا جڤاکێن کوردستان) کە لە ئەستەنبوڵ لەلایەن ژمارەیەک رووناکبیر و سیاسەتمەدار و کەسایەتی ناسراوی ئەو سەردەمەی کورد دامەزرا، لەگەڵ دامەزراندنی خۆی ئاڵای نەتەوەیی کوردستانی دروستکرد و داوای سەربەخۆیی کوردستانی دەکرد. ئەو کەسانەی بەشداریان لە دامەزراندنی رێکخراوەکە و ئاڵای نەتەوەیی کوردستان کرد بریتیبوون لە: ئەمین عالی بەدرخان لە(جزیرەى بۆتان)، دکتۆر عەبدوڵڵا جەودەت لە (عەرەبگیر)، ئەکرەم جەمیل پاشا لە (ئامەد)، مەولانا زادە رەفعەت بەگ لە (سلێمانی)، نەجمەدین حوسێن لە (کەرکوک)، کەمال فەوزی لە(بەدلیس)، شوکری بابان لە(سلێمانی)، مەمدوح سەلیم لە(وان)، حیکمەت بابان لە (سلێمانی)، فوئاد بابان لە (سلێمانی)، دکتۆر شوکری محەمەد و فەرید بەگ. ئەو ئاڵایەی کە ئەمڕۆ بۆمان ماوەتەوە هەمان ئەو ئاڵایەیە کە ئەو رێکخراوە زیاتر لە ٩٠ ساڵ لەمەوبەر بڕیاری لەسەر دابوو، بە گوێرەی سەرچاوەکان ئەو ئاڵایە رەنگی سوور لەسەرەوە و رەنگی سەوز لە خوارەوە و رەنگی سپی لە ناوەڕاستدا و لەسەر زەمینە سپیەکەش خۆرێکی زەرد دەدرەوشایەوە. بەگوێرەی نووسراوێکی (نوورەدین زازا)، ئەو بەچاوی خۆی بینویەتی کە هەمان ئەو ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٢٥ی باکووری کوردستان لە جێگای ئاڵای تورکیادا بەرزکراوەتەوە. لە یەکەم کۆبوونەوەی دامەزراندنی رێکخراوی  (خۆیبوون)یش هەمان ئاڵا لە ساڵی ١٩٢٧ بڕیاری لەسەردراوەتەوە. بۆ یەکەمجاریش ئەم ئاڵایە لە ساڵی ١٩٢٨ لەشارى فیلادەلفیاى وڵاتەیەکگرتوەکانى ئەمریکا لەسەر بەرگى کتێبێکى میر سورەیا بەدرخان بەناوى   The case of Kurdistan against turkey by authority of hoyboon .philadelphila کە بەزمانى ئینگلیزى چاپکراوە و لەژێر ئاڵاکەشدا نوسراوە Flag of Kurdistan . ئەم ئاڵایە لەسەردەمی راپەڕینەکەی چیای ئاگریش هەڵدراوە، جگە لە هەبوونی ئاڵایەکی تایبەت بە راپەڕینەکە. (کۆمەڵەی ژێکاف)یش لە رۆژهەڵاتی کوردستان لە ساڵی ١٩٤٢ بەدوا هەمان ئاڵای لە بۆنە و یادەکاندا لە شاری مەهاباد بەرزکردۆتەوە. ئەگەرچی ئەم ئاڵایە لەسەردەمی کۆماری کوردستان لە مەهاباد بوونی هەبووە، بەڵام  کۆمارە تەمەن یەک ساڵیەکە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بووە کە زۆر نزیک بووە لە هەمان ئەم ئاڵایە. دکتۆر کامەران بەدرخانیش هەمان ئاڵای لە ساڵی ١٩١٩ی وەک ئاڵای کوردستان نیشانی وڵاتانی ئەوروپا داوە. لە ساڵەکانی ١٩٦٠یشدا (کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە ئەوروپا) لە چەند بۆنە و یادێکدا هەمان ئاڵای کوردستانیان بەرزکردۆتەوە. رەوەندی کوردی هەموو بەشەکانی کوردستانیش لە ساڵانی ١٩٧٠ بەدوا ناو بەناو لە بۆنە و یادەکاندا هەمان ئەو ئاڵایەیان وەک ئاڵای کوردستان بەرزکردۆتەوە. لە دوای راپەڕینەکەی ساڵی ١٩٩١ی باشووری کوردستانیش ئەو ئاڵایە لەسەر تەلاری هەندێک لە رێکخراوە سیاسیەکان و دام و دەزگاکانی راگەیاندن لە باشووری کوردستان دەبینرا، بەڵام بەبڕیای پەڕلەمانی کوردستان ژمارە (٢٦) لە (١٩٩٩⁄١١⁄١١) بە فەرمی وەک ئاڵای کوردستان بڕیاری لەسەر درا و سەرجەم دامەزراوە فەرمیەکانی ھەرێمی کوردستان پابەندکرا ئەم ئاڵایە وەک ئاڵای فەرمی کوردستان ھەڵبکرێ و ئیدی لە عێراق و ناوچەکە و جیھانیش بوو بە ھێمای کوردستان وەک ھەرێمێک لە باکوری عێراق و دواتر و لە دەستوری نوێ ی عێراقی فیدراڵ وەک ئاڵاى فەرمى هەرێمى کوردستان دانی پیانرا ، ئەم ئاڵایە کە تیشکی خۆرەکەی ٢١ دانە تیشکە و لە چوار رەنگی سوور، سپی، زەرد، سەوز پێکهاتووە، کە لە هەندێک سەردەم و شوێندا ژمارەی تیشکەکانی ئاڵای کوردستان یان ئەوەتا زۆرتر بووە لە تیشکەکانی ئێستا یانیش کەمتر بووە و یاخود جۆری تیشکەکانی کورت و درێژ بوونەو دەوترێت کە ژمارەی تیشکەکان ھێمایە بۆ ٢١ ی ٣ ی میلادی کەڕۆژی یەکەم و دەستپێکی نەورۆزی ساڵی کوردی یە ، کەمن پێموانیە ئەو تەعبیرە دروستبێ چونکە کورد کەخاوەنی ساڵ و ڕۆژژمێری تایبەت بەخۆیەتی بۆ دەبێ بەشێکی گرنگی ئاڵاکەی ئاماژەبێ بۆ بەروارێکی میلادی ؟! بەھەر حاڵ لێرە بەدواوە سەرجەم گەلی کورد و نزیک بە سەرجەم رێکخراوە سیاسیەکانی هەر چوار بەشەکەی کوردستان و دەرەوەی وڵاتیش هەمان ئاڵایان وەک ئاڵای کوردستان و ئاڵای نەتەوەی کورد پەسند کردووە.. بەپێ ى بڕیارەکەی پەرلەمانی کوردستان بووەتە ئاڵای فەرمیی هەرێمی کوردستان و نیشانە و رەنگەکانیشی بە یاسا دیاری کراوە. هەروەک لە بڕیارەکەدا هاتووە، ئاڵای کوردستان لاکێشەیە و پانییەکەی دوو لەسەر سێی درێژییەکەیەتی و دابەش کراوە بەسەر سێ لاکێشەی یەکسان. لاکێشەی سەرەوە رەنگی سوورە و هێمایە بۆ شەهیدانی بزاڤی رزگاریخوازی کوردستان، لاکێشەی ناوەڕاست سپییە و هێمایە بۆ ئاشتیخوازیی گەلی کوردستان و ئازادیی و لێبووردن، هەروەها لاکێشەی خوارەوە سەوزە و هێمایە بۆ کشتوکاڵ و ژینگەی کوردستان. هەربەپێ ى بڕیارەکەى پەڕلەمان خۆرێک لە ناوەڕاستی ئاڵاکەیە و هێمایە بۆ بەردەوامیی ژیان و جەژنی نەورۆز.. جگە لەو رەنگ و هێمایانە نابێ هیچ نووسین یان رەنگ و وێنەیەکی دیکە بخرێتە سەر ئاڵای کوردستان.

ماوەتەوە بڵێم بۆ ھەرمیللەتێک ئاڵا ھێما و ناسنامەیەتی ، بۆ ئێمەی گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتی سەر نەخشەی ئەم جیھانە پان و پۆڕە دڵڕەقە ، گرنگە پێ بزانین ئاڵاکەمان پیرۆزترین ناسنامەمانە بەڵام لەوەش گرنگتر دەبێ باوەڕمان وابێ خۆشویستن و تەبایی نێوخۆیمان فرە پێویستترە لەژێر سایەی ئەم ئاڵایەدا و ھەرئەوەش دەرمانە بۆ دەردی سەدان ساڵەمان ، دەبێ ئاڵاکەی ئێمە خاڵی جەوھەری جوداییمان بێ لەداگیرکەران و نەتەوەکانی دی ، دەوڵەتانی داگیرکەر و تەنانەت ڕێکخراوە تیرۆرستی یەکانیش گەلێ بەزیاتر لەئێمە ڕێز لەئاڵای خۆیان دەگرن،ئەوە نیە ھەرچی کاری دژە مرۆڤایەتی یە ئەنجامی دەدەن نەک ھەر لەژێر سایەی ئاڵاکەیان بەڵکو ھەمیشە ھەوڵی بەبەرزی ڕاگرتنی ئاڵاکەیان دەدەن. لەم ڕۆژە پیرۆزەدا سەرى رێزو نەوازش بۆ سەرجەم شەهیدانى ڕێگاى ئازادى کورد و کوردستان دائەنەوێنین و دەستخۆشى وپێزانینمان بۆ پێشمەرگە قارەمانەکانمان و ھێزە ئارامی پارێزەکانی ئاسایش و پۆلیس کە تا ئێستاش خۆنەویستانە و خاک ویستانە لە سەنگەرى بەرگری و دروست کردنی کەشێکی ئارامی و ئاسایشدان بۆ ھاوڵاتیان ، ھەروەک پیرۆزبایی لە خۆمان و بنەماڵەى سەربەرزى شەهیدان و سەرجەم پێشمەرگەو هێزە پارێزەرەکانى کوردستان و هەموو کوردێکى سەربەرز دەکەین...ئومێد دەکەین ئاڵاى پیرۆزمان بۆ هەمیشە لەسەر خاکى دەوڵەتێکى سەربەخۆ و ووڵاتێکى ئارام و بە دەستى گەلێکى خۆشگوزەرانەوە شەکاوەبێت.

بژی کورد...بژی کوردستان

ھەمیشە شەکاوەبێ ئاڵاکەمان  

وتاری زیاتر